ئاسایشی رۆژئاڤا باندێکی تێوەگلاوە بە ئەنجامدانی تاوان لە حەسەکە دەستگیر دەکەن
حەسەکە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایشی رۆژئاڤا) دەستگیرکردنی باندێکیان راگەیاند، کە تێوەگلابوون لە ئەنجامدانی هێرشی چەکداری و دزی و کوشتن لە گوندەواری حەسەکە.
ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان لە راگەێنراوێکدا، کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیان بڵاویانکردەوە، ئاماژەیان بەوەکردووە، “لەم ماوەی دواییدا چەندین شکاتیان لە هاووڵاتیانەوە پێگەیشتووە، سەبارەت بە تۆڕێکی راوڕووتی چەکدار و ئۆپەراسیۆنەکانی هێرشکردنە سەریان لە ناوچە جیاجیاکانی گوندەواری حەسەکە”.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری پێویست، توانویانە ناسنامەی ئەو کەسانە و شوێنی نیشتەجێبوونیان دەستنیشان بکەن، هەروەها “هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی ئەلدەنینە، لە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 11ی کانوونی دووەمدا، لە لایەن تاوانبارانەوە تەقەیان لێکراوە، دواتر دۆخەکە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە کۆنترۆڵکراوە”.
روونیشیانکردەوە، کە توانیویانە باندێکی 17 کەسی دەستگیر بکەن، کە ژنێکیان تێدا بووە و دەست بەسەر چەک و کەرەستە و جلوبەرگی سەربازی و مۆبایلەکانیانیاندا گیراوە.
لە هەمان راگەێنراودا هاتووە، کە دەستگیرکراوەکان لە کاتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانیان بەوەدا ناوە، کە چەندین دزی چەکداری و تاوانیان ئەنجامداوە، ئاماژەیان بەوەشکرد، “دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییە پێویستەکان دژیان گواستراونەتەوە بۆ داواکاری گشتی”.