بەڕێوبەریی خۆسەریی دیموکراتی یاساکانی هەموار دەکاتەوە

رەققە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرپرسێکی بەڕێوبەریی خۆسەریی دیموکراتی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، بەپێی مەرجەکانی پەیمانە کۆمەڵایەتییە نوێیەکە یاساکانی پێشووی هەموار دەکاتەوە.

ئەمڕۆ، بەڕێوبەریی خۆسەریی دیموکراتی رۆژئاوای کوردستان راگەێنراوێکی پێشکەشکرد و تیایدا پەیمانە کۆمەڵایەتییە نوێیەکەی راگەیاند، کە دوێنێ سێشەممە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا، کە لە ئەنجامی زنجیرەیەک کۆبوونەوە و ساڵانێک کارکردن هاتبووە ئەنجام.

بەپێی ئەو دەستوورە، کە لە چوار بەش پێکهاتووە و 134 ماددەی لەخۆگرتووە، ناوی بەڕێوبەریی خۆسەریی گۆڕدراوە، گۆڕانکاری لە هەیکەلی شارەوانییەکاندا کراوە، هەروەها دادگایەکی دەستوریی دامەزرا بۆ پاراستنی دەستوور یان پەیمانی کۆمەڵایەتی و روونکردنەوەی وردەکارییەکانی لە چوارچێوەی بڕگەکانیدا.

یاسر ئەلسلێمان، جێگری هاوسەرۆکایەتی جڤاتی گشتی (ئەنجومەنی گەلانی دیموکرات) لە بەڕێوبەریی خۆسەریی دیموکراتی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، خۆسەریی ئەو یاسایانە پەسەند دەکات کە ئەنجومەنی گشتی لە قۆناغەکانی پێشوودا دەریانکردووە.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، کار بۆ هەموارکردنەوەی یاساکان دەکرێت بەپێی ناوەڕۆک و مەرجەکانی پەیمانە کۆمەڵایەتییە نوێیەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی هەموارکردنەوەکە “باشترکردن و تێپەڕاندنی هەر کەلێنێکی یاساییە کە رێگری لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی پەیمانەکە بکات”.

ئامادەکردنی: قەیس ئەلحەموود – دارشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان