کوژرانی کۆچبەرێک و برینداربوونی یەکێکی تر بە گولـلەی جەندرمەی تورکیا لە گرێ سپی داگیرکراو
رەققە – نۆرس پرێس
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، بە گولـلەی جەندرمەکانی تورکیاوە کۆچبەرێکی سووری کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو، لەکاتێکدا هەوڵیان دەدا سنووری نێوان سووریا و تورکیا لە ناوچەی گرێ سپی داگیرکراو لە باکووری رەقە بە قاچاخ ببەزێنن، کە میلیشیاکانی “جەیش وەتەنی” سەر بە تورکیا کۆنترۆڵی دەکەن.
سەرچاوە خۆجێیەکانی ناوچەکە بە نۆرس پرێسیان رایانگەیاند، جەندرمەی تورکیا راستەوخۆ تەقەیان لەو کۆچبەرە سورییانە، کردووە لەکاتێکدا هەوڵیان دەدا سنووری سووریا و تورکیا ببڕن، لە نزیک گوندی ئەلیەبسە لە رۆژئاوای گرێ سپی داگیر کراو.
پێنجشەممەی رابردووش، لە گوندەواری عەفرینی داگیر کراو، لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی سنووری نێوان سووریا و تورکیا، دوو کۆچبەر بە گولـلەی جەندرمەکانی تورکیا کوژران و کۆچبەرێکی دیکەش بریندار بوو.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکرد، جەندرمە راستەوخۆ تەقەیان لە کۆچبەرەکان کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی کوژرانی گەنجێک بەناوی یوسف ئەلخەڵەف (تەمەن 32 ساڵ)، کە خەڵکی ناوچەی موحەسەنە لە گوندەواری دێرەزوور، هەروەها برینداربوونی گەنجێکی دیکە بە پلەی مامناوەند، کە دواتر گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی نیشتمانی گرێ سپی بۆ چارەسەر.