سیناتۆرێکی ئەمریکی داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەسەد راگرن

دیمەشق – نۆرس پرێس

سیناتۆرێکی ئەمریکی داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و پەرلەمانتارانی جیهان کرد کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا راگرن و کار لەسەر داڕشتنی پلانێک بکەن بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆخی سیاسی و ئاوەدانکردنەوەی دوای ئاڵوگۆڕی سیاسی لە سووریا.

فرێنچ هیل، سیناتۆری کۆماری و سەرۆکی گروپی پەیوەندیدار بە سووریا لە کۆنگرێسی ئەمەریکا، لە گوتارێکدا بۆ رۆژنامەی “زە ​​هیل” سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ سووریا قسەی کرد و داوای چارەسەری سیاسی و راگرتنی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەری لە سووریا کرد.

لە کۆتایی مانگی ئابی رابردوودا ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا، لەنێویاندا نوێنەرانی کۆمارییەکان فرێنچ هیل، بن کلاین و سکۆت فیتزجێراڵد، سەردانێکیان بۆ سووریا ئەنجامدا، لەسەر بانگهێشتی “رێکخراوی فریاگوزاری سووریا”، کە سیناتۆر “هیل” نوێنەرایەتی دەکات لە کۆنگرێس.

“هیل” داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا رەتکەنەوە و هەمان هەڵوێستیان هەبێت و هەوڵی کۆمکاری عەرەبی بۆ گەڕانەوەی ئەسەد بۆ سەر دەسەڵات و دیپلۆماسی نێودەوڵەتی رەتبکەنەوە.

هەروەک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە ” وەرگرتنەوەی رژێمی ئەسەد لە  کۆمکاری عەرەبی رێگە ناگرێت لە کاریگەرییەکانی ئێران و پیشەسازی “کاپتاگۆنی هۆشبەر”، بە پێچەوانەی ئارگیومێنتی وڵاتانی عەرەبیەوە بۆ نزیکبوونەوە لە سەرانی دەسەڵات لە دیمەشق، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئاساییکردنەوەکە یارمەتیدەر نابێت بۆ هێنانەدی ئاشتی و گەڕانەوەی ملیۆنان پەنابەر.

دوای ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی مانگی شوباتی رابردوو، کە سووریا و تورکیای گرتەوە، زنجیرەیەک ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و دیمەشقدا دەستیپێکرد، لەکاتێکدا و دوای پچڕانێکی زۆر، گەشتە دیپلۆماسییەکان لە نێوان بەرپرسانی دیمەشق و وڵاتانی عەرەبیدا دەستیانپێکردەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان