خەڵاتی ساخارۆڤ بەخشرا بە “ژینا ئەمینی” و جوڵانەوەی “ژن زیان ئازادی”

پاریس – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، بە ئامادەبوونی پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی پارێزەر ساڵح نیکبەخت، کە وەک نوێنەری بنەماڵەی ژینا ئامادەبوو و هەردوو ژنە چالاکوان “مه‌رسه‌ده‌ شاهینكار و ئه‌فسون نه‌جه‌فی”، لە پەرلەمانی ئەورووپا خەڵاتی ساخارۆڤ بەخشرا بە ژینا ئەمینی و جوڵانەوەی “ژن زیان ئازادی” لە ئێران.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دایک و باوک و براکەی ژینا ئەمینی لە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی لە تاران رێگرییان لێکرا گەشت بکەن، بۆ ئەوەی لە مەراسیمەکەدا ئامادەبن.

یەکێتی ئەورووپا رۆژی 19ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ رایگەیاند، کە خەڵاتی مافی مرۆڤی ساخارۆڤ دەبەخشێتە ژینا ئەمینی و جوڵانەوەی “ژن، ژیان، ئازادیی” لە ئێران.

“ژینا” لەلایەن سێ گرووپی پەرلەمانی ئەوروپییەوە بەربژێرکرابوو بۆ خەڵاتەکە، دوای لەیلا زانا، نادیە موراد و لەمیا بەشار چوارەم کچە کوردە کە ئەو خەڵاتەی پێبەخشرێت.

لەیلا زانا ساڵی 1995دا و دوو كچە كوردە ئێزدییەکەی رزگاربووی دەستی داعش(نادیە موراد و لەمیا بەشار)، لە ساڵی 2016 خەڵاتەکەیان بردەوە.

خەڵاتی مافی مرۆڤی ساخارۆڤ، ساڵانە لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە دەبەخشرێتە ئەو کەس یان گرووپانەی دژی ستەمکاریی دەوەستنەوە و بەرگری لە ئازادی رادەربڕین و بیرکردنەوە دەکەن.