لە سەر سنووری سووریا سەربازێکی پاسەوانی سنووری ئوردن لە لایەن قاچاخچییەکانەوە کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، سوپای ئوردن رایگەیاند، لە شەڕێکی چەکداریدا لەگەڵ قاچاخچییەکان لەسەر سنووری سووریا و ئوردن، سەربازێکی هێزەکانی پاسەوانی سنووری وڵاتەکە کوژراوە و یەکێکی دیکەی برینداربووە.

لە راگەێنراوەکەدا هاتووە، “لە شەڕێکی چەکداریدا لەگەڵ قاچاخچییەکان ئەو رووداوە بووەتە هۆی کوژرانی ئەندامێکی هێزەکانی پاسەوانی سنوور، هاوکات بریندار بوونی ئەندامێکی دیکە، کە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر و باری تەندروستی مامناوەندە”.

ئاماژەیان بەوەشکرد، پێکدادانەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ دەیان قاچاخچی روویداوە کە تەقەیان لە هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئوردن کردووە، هەروەک “کەڵکیان لە بارودۆخی تەماویی ئاو و هەوا وەرگرتووە بۆ هێنانی بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر”.

پاسەوانی سنووری ئوردن لە راگەێنراوەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە هێزەکانیان “وەڵامی سەرچاوەی تەقەکەکانیان داوەتەوە و رێساکانی روبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ قاچاخچییەکان جێبەجێکردووە، لە ئەنجامدا ژمارەیەک قاچاخچی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش هەڵاتوون بۆ ناو قوڵایی خاکی سووریا”.

سێشەممەی ڕابردوو، سوپای ئوردن کوشتنی سێ قاچاخچی ڕاگەیاند و دەستی بەسەر “بڕێکی زۆر” لە ماددەی هۆشبەردا گرت، کە بڕی 233 هەزار حەبی کپتاگۆن و 528 گوژمە حەشیش بوو، کە هەوڵ دەدرا لە خاکی سووریاوە بیهێنرێت بۆ ئوردن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان