گروپێكی ئۆپۆزسیۆن سێ ئەندامی هێزەكانی حکومەتی دیمەشق ڕادەستی هەواڵگری تورکیا دەکات
گوندەواری حەلەب – نۆرس پرێس
دوێنێ، گروپێكی ئۆپۆزسیۆنی دڵسۆز بۆ تورکیا، سێ ئەندامی هێزەکانی حکومەتی دیمەشقی، لە دەروازەی حەمام لە گوندەواری عەفرینی داگیركراو، ڕادەستی هەواڵگری تورکیا کرد.
سەرچاوەیەکی سەربازی بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، گروپی بەرەی شامییە کە یەکێکە لە پێکهاتەکانی فەیلەقی سێی جەیش وەتەنی، ئێوارەی دوێنێ مولازمێك و دوو ئەندامی هێزەکانی حکومەتی ڕادەستی هەواڵگری تورکیا کرد، دوای ئەوەی چەند رۆژێك هەماهەنگییان لەمبارەیەوە كرد.
ڕۆژی شەشی ئەم مانگەش، دەستەی تەحریر شام (بەرەی نوسرە) ی پێشوو دوو ئەفسەری حکومەتی ڕادەستی هەواڵگری تورکیا کرد، دوای کۆبوونەوەی ئەمنی نێوانیان لەسەر سنووری سوریا و تورکیا.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ئەندامانەی ڕادەستکرابوون لە ساڵی 2016 لە شەڕەکانی نێوان گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان و هێزەکانی حکومەت لە شاری حەلەب بە دیل گیرابوون. ناسنامەی ئەندامەکانیش بریتین لە “ئەدهەم سەلیمۆ، عەلی ساحلی، و مەجد حەیدەر” و خەڵكی لازقیەن.
لەمبارەیەوە سەرچاوەیەک لە هێزەکانی حکومەت لە لازقیە بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، دیمەشق چاوەڕێی ئەنقەرە دەكات ئەندامەکانی ڕادەست بکاتەوە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە دیل گیراون، لە چوارچێوەی هەماهەنگی لیژنە ئەمنییەکانی هەردوولا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان.