بەڕێوبەری خۆسەری ژنێک و پێنج منداڵی خێزانی چەكدارانی داعش رادەستی شاندێکی بەریتانیا دەکاتەوە

قامشلۆ – نۆرس پرێس

شەممەی ڕابردوو، بەڕێوبەری خۆسەری ژنێك و پێنج منداڵی خێزانی چەكدارانی داعشی ڕادەستی وەفدێکی بەریتانی کرد.

لە ماوەی سێ ڕۆژدا شاندێکی شانشینی یەکگرتوو بە سەرۆکایەتی کاترین شاو، کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر بە وەکالەت، ئەندی سکۆت، سکرتێری یەکەمی کاروباری سیاسی، ئۆفیسی شانشینی یەکگرتوو بۆ کاروباری سوریا و نیکۆلا مۆس، سکرتێری دووەمی کاروباری سیاسی، ئۆفیسی شانشینی یەکگرتووی بۆ کاروباری سوریا و شاندی یاوەرییان بۆ ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان، لەلایەن ڕوبێل بەحۆ جێگری هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەری خالد ئیبراهیم ئەندامی دەستەی کارگێڕی و لانە حسێن نوێنەری یەکینەکانی پاراستنی ژنان پێشوازییان لێکرا.

بەپێی بەڵگەنامەیەکی ڕادەستکردنەوەی نێوان هەردوولا، شاندەکە ژنێک و پێنج منداڵی خێزانی داعشیان وەرگرتووەتەوە كە ڕەگەزنامەی بەریتانییان هەیە.

بەپێی بەشی چاودێری و بەڵگەكردن لە ئاژانسی هەواڵی نۆرس پرێس، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 726 منداڵ و ژنی خێزانە بیانییەکانی داعش لە کەمپەکانی رۆژئاوای كوردستان، رادەستی وڵاتانی وڵاتانی خۆیان كراونەتەوە.

جێگری هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەری ستایشی ئەو ڕۆڵەی کرد کە شانشینی یەکگرتوو لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات لە “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر”دا دەیگێڕن، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان بەڕێوبەری خۆسەری و بەریتانیا لە بواری سەربازی و سیاسی و بوارەکانی خزمەتگوزاری كرا.

ناوبراو باسی لە هێرشەكانی تورکیا کرد بۆ سەر ناوچە جیاوازەكانی رۆژئاوای كوردستان و جەختی لەوە کردەوە کە “داعش” سوودمەندە لەو هێرشانە.

وتیشی: پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەپەلە هەنگاو بنێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی دەستگیرکراوان و خێزانەکانی داعش لە رۆژئاوای كوردستان و بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە بەڕێوبەری  خۆسەری جێبەجێ بکات.

لە بەرامبەردا کاترین شاو، ڕایگەیاند، بەریتانیا پابەندە بە کارەکانی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ دڵنیابوون لە دووبارە نەبوونەوەی مەترسییەكانی داعش لە سوریا.

شاو ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژئاوای كوردستان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە بەرنامە مرۆییەکانی بەریتانیا لە سوریا دەمێنێتەوە، بەردەوامیش دەبن لە پشتیوانیکردنی گەلانی ناوچەکە و هاوکاری فریاگوزاری پێشکەش بە ئاوارە ناوخۆییەکانی ناو کەمپەکان دەکەن.

لە بەرامبەردا، ئەندی سکۆت، سکرتێری یەکەمی کاروباری سیاسی، ئۆفیسی شانشینی یەکگرتوو بۆ کاروباری سوریا وتی: گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی فراوان بۆ ململانێیەكانی سوریا تاکە ڕێگایە بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام .

داڕشتنەوەی: موعاز محەمەد