بەرهەمهێنانی نەوت لە سوریا بۆ 15 هەزار بەرمیلی رۆژانە دابەزیوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

فیراس قەدور وەزیری نەوت و سامانە کانزاییەکانی حكومەتی سوریا، لە میانی بەشداریکردنی لە دوانزەهەمین کۆنفرانسی وزە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر ڕایگەیاند، ئەو شەڕەی لە ساڵی 2011 لە سوریا دەستیپێکرد، کاریگەری زۆری لەسەر کەرتی وزە هەبوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەرهەمهێنانی نەوت لە سوریا لە ساڵی 2011 بە تێکڕا 385 هەزار بەرمیل بوو لە ڕۆژێکدا، بەڵام ئێستا دابەزیوە بۆ نزیکەی 15 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

قەدور ڕوونیشیکردەوە پێش شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە تێكڕای ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی نزیكەی 30 ملیۆن مەتر سێجا بوو لە ڕۆژێکدا، كەچی ئێستا بۆ نزیکەی 10 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا دابەزیوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەرهەمهێنانی کارەبا لە سوریا 94% پشت بە بەرهەمهێنانی نەوت و گاز دەبەستێت، لەگەڵ دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و گازیش بڕی بەرهەمهێنانی كارەباش كەمیكردووە.

وەزیری نەوتی سوریا وتیشی، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری گەڕان بەدوای نەوت، بە تەواوی کارکردنیان لەو وڵاتە وەستاندووە و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیش هیچ پاڵپشتییەكی دارایی لەم بوارە خەرج ناكەن.

داڕشتنەوەی: ئەڤین یوسف