لە 7 ساڵدا تورکیا زیاتر لە 4 هەزار هێرشی ئاسمانی کردوەتە سەر هەرێمی کوردستان
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ، پێنجشەممە، تیمی كوردستانی عێراقی رێکخراوی تیمەکانی ئاشتیخواز CPT بەھاوبەشی لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی كۆمەڵگەی مەدەنی”End Cross Border Bombing” لێكۆڵینەوەیەكی بنكۆڵكاری لەسەر ھێرشەكانی سوپای سەربازی توركیا لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2021 بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتێكدا لەبارەی ھێرشەكانی سوپای توركیا لەنێو خاكی عێراق لە ساڵی 2015 تا كۆتایی 2021 دەڵێت، سوپای توركیا لە 88 هێرشدا هاوڵاتیانی مەدەنی بە ئامانجگرتوەو لە ئەنجامی هێرشەكانیش زیاتر لە 100 هاوڵاتی سڤیل شەهیدبوون و نزیكەی 161 برینداربوون.
هەر بەپێی راپۆرتەكە، لە ئابی 2015 ەوە تاوەكو كانونی یەكەمی 2021، سوپای توركیا زیاتر لە 4 ھەزار ھێرشی ئاسمانی و تۆپھاوێژی و زەمینی لە ھەرێمی كوردستان ئەنجامداوە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، لەماوەی نزیكەی حەوت ساڵدا، لە 88 ھێرشدا سوپای توركیا ھاوڵاتیانی سڤیل بە ئامانجگرتوەو لە ئابی 2015 ەوە تاوەكو كانونی یەكەمی 2021، 98 بۆ 123ھاوڵاتی سڤیل شەھیدبوون و 134 بۆ 161 ھاوڵاتی تری سڤیل برینداربون.
بەپێی راپۆرتەكە، لەو ڕێژەیەی قوربانیاندا، 55 ھاوڵاتی مەدەنی لەكاتی جوتیاری یاخود لەوەڕاندنی ئاژەڵەكانیاندا شەھیدبون و لە %87 ی شەھیدەكان پیاون و لە %13شیان ژنن و بەلایەنی كەمەوە 6 لە شەھیدەكان منداڵن.
ئاماژە بەوەشكراوە كە توركیا بە بەكارھێنانی ئەو چەكانەی كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، ئیتاڵیاو ئیسپانیا پێیدەدرێت ھاوڵاتیانی مەدەنی بە ئامانجدەگرێت.
ئەوەش خراوەتەڕو، لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2020، حكومەتی ئیتاڵیا، 57 ھێلیكۆپتەری سەربازی A-129C Mangustaی بە توركیا فرۆشتوەو لە زۆرینەی ھێرشەكاندا بۆ سەر ھاوڵاتیانی سڤیل توركیا ئەو فڕۆكەیەی بەكارھێناوە.