نەتەوەیەکگرتووەکان پێویستی بە 46.4 ملیار دۆلارە بۆ پیشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لە ساڵی ئایندەدا

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، نەتەوەیەکگرتووەکان، پێویستی خۆی بە 46.4 ملیار دۆلار بۆ ساڵی داهاتوو خەمڵاند، بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ 180.5 ملیۆن کەس لە جیهاندا، کە پێویستییەکی زۆریان بەو هاوکارییانەیە.

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریدا لە دۆخێکی مرۆیی “تاریک” لە جیهاندا لە ماوەی ساڵی 2024دا، ئاماژەی بەوەدا کە شەڕ و ململانێکان، بارودۆخی کەشوهەوای لەناکاو و دابەزینی ئاستی ئابووریی “بە هۆی گەندەڵییەوە”بارگرانی زۆر بۆ سەر ئەندامانی “خێزانە هەژارەکان” دروست دەکەن.

هەروەها جەختیان لەوە کردەوە، کە رەنگە شکستهێنان لە دابینکردنی بودجەدا “باجەکەی لەسەر ژیانی ئەو خێزانانە قورس بێت”، بەپێی ئەوەی ئاژانسی فەرەنسا-پرێس بڵاویکردووەتەوە.

سەرەڕای گرنگیدانی نێودەوڵەتی بە جەنگی ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە، نەتەوەیەکگرتووەکان سەرنجی لەو راستییە راکێشا، کە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی وەک سوودان و ئەفغانستان “لە ناوچە کێشەدارەکانن کە پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی بەرفراوان هەیە”.

بەهۆی کەمبوونەوەی بەخشینەکانەوە، رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بڕی پێویستی بۆ پشتیوانی ساڵانە بۆ ژمارەیەکی کەمتر لەو کەسانە دەنێرێت، کە دەبێت لە ماوەی ساڵی داهاتوودا هاوکاریان بکات.

لە مساڵدا 2023، نەتەوەیەکگرتووەکان بانگەوازێکی مرۆیی دەستپێکرد بۆ کۆکردنەوەی 56.7 ملیار دۆلار، بەڵام تەنها لەسەدا 35ی ئەم بڕە پارەیەی بەدەستهێنا، ئەم کورتهێنانەش، یەکێک بوو لە گەورەترین کورتهێنانەکانی ساڵ و بووە هۆی ئەوەی دامەزراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان تەنها هاوکاری و پاراستن پێشکەش بە 128 ملیۆن کەس بکەن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : تەیسیر محەمەد