بلینکین: بەدووری نازانین لە داهاتوودا کردەوەی سەربازیمان دژ بە حوسییەکان هەبێت
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، کەناڵی ABC News لەزاری ئەنتۆنی بلینکنی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە رایگەیاندووە کە بەدووری نازانن “لە داهاتوودا” هەنگاوی سەربازیان دژی حوسییەکان هەبێت.
لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیلدا لە غەززە، حوسییەکان بە ئامانجگرتنی ئەو کەشتیانەیان لە دەریای سوور راگەیاند کە بە گوتەی خۆیان سەر بە ئیسرائیلن، چەند رۆژێک لەمەوبەر گرووپی حوسییەکان رایانگەیاند کە رێگە نادەن هیچ کەشتییەکی سەر بە ئیسرائیل تێپەڕێتە ناو دەریای سوورەوە.
مانگی تشرینی دووهەمی رابردوو، واشنتۆن رایگەیاند، بیر لە پۆلێنکردنی حوسییەکان دەکاتەوە وەک “رێکخراوێکی تیرۆریستی”، دوای دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەک لە دەریای سووردا.
بلینکن ئاماژەی بەوەشکرد، کەشتیەکانی زۆرێک لە وڵاتانی دیکە لە مەترسیدان، گوتیشی “سزاکان بۆ لاوازکردنی بودجە بۆ حوسییەکان جێبەجێکراون، هەروەها بەدووری نازانێت لە داهاتوودا هەنگاوی سەربازیی ئەنجامبدرێت”.