دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە، دیپلۆماتکاران پێشبینیان کرد، لە کۆبوونەوەی گشتی سبەینێی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، کە 193 دەوڵەت بەشداری تێدا دەکەن، دەنگ بدرێت بە پەسەندکردنی رەشنووسی بڕیارنامەی ئاگربەستی دەستبەجێ لە غەززە “بە هۆکاری مرۆیی”.
بڕیارە سبەی سێشەممە، کۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بێت بە تاوتوێکردنی ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە، بە گشتی پێشبینییەکان دەڵێن بڕیارەکە پەسەند دەکرێت.
هەینی رابردوو ئەنجومەنی ئاسایش نەیتوانی دەنگ لەسەر ئاگربەستی “مرۆیی” بدات، بەهۆی بەکارهێنانی مافی “ڤیت” لە لایەن ئەمریکاوە دژ بەو بڕیارە.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا، ئەنجومەنی گشتی بڕیارنامەیەکی پەسەندکرد، کە 121 دەنگی بەڵێ، 14 دەنگی نەخێر و 44 دەنگی بێلایەنی بەدەستهێنا، تیایدا داوای کردبوو “ئاگربەستێکی مرۆیی دەستبەجێ و هەمیشەیی و بەردەوام کە ببێتە هۆی وەستانی شەڕ و پێکدادانەکان”.
لە چوارچێوەیەکی جیادا ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوێنێ یەکشەممە دووپاتی کردەوە کە “ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی نایەتە دی”، ئاماژەی بەوەشکرد “کاتێک ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکە لە غەززە کۆتایی دێت، پێویستمان بە ئاشتییەکی بەهێز و دوور مەودا دەبێت لە ناوچەکە و دەبێت کار لەسەر ئەوە بکەین”.
پێشتر رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە رایگەیاندبوو، کە بلینکن حکومەتی ئیسرائیلی لە بۆچوونی حکومەتی ئەمریکا ئاگادارکردووەتەوە، کە “دەبێت ململانێکان لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا کۆتایی پێبێت نەک چەند مانگێک”.
رۆژنامەکە روونیشیکردووەتەوە، بەرپرسانی ئیسرائیل هیچ دڵنیاییەکیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا نەداوە.