حکومەتی دیمه‌شق: ئێران دەکەینە هاوبەشی یه‌كه‌م لە ئاوەدانکردنەوه‌ی سوریا

دیمەشق – نۆرس پرێس

حوسێن عه‌رنوس سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی سووریا، ئه‌مڕۆ شەممە ڕایگەیاند: بە دڵنیاییەوە دیمەشق هەوڵ دەدات ئێران بکاتە هاوبەشی سەرەکی و یەکەم وڵات لە ئاوەدانکردنەوەی سووریا.

ناوبراو لە سەردانەکەیدا بۆ تاران، جەختی لە گرنگی ڕۆڵی ئێران لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوەی سوریا کردەوە.

دوێنێ ، سەرۆکوەزیرانی سوریا بە سەرۆکایەتی شاندێکی ئابووری گەیشتە تاران بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات، پرسەکانی پەیوەست بە ڕێککەوتنی هاوکاریی ئابووری هاوبەش و ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان.

بەپێی ئاژانسی سانای فەرمی سوریا، عه‌رنوس لە میانەی دیدارێكدا لەگەڵ محەممەد موخبەر، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران، لە تاران، پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتیان به‌ مێژوویی و ستراتیژی وەسف کردووه‌. هه‌روه‌ها عه‌رنوس سەردانی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێرانی بۆ سوریا بە خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا زانی. وتیشی: هیوادارم بەم نزیکانە هاووڵاتیانی هەردوو وڵات هەست بە کاریگەرییەکانی ئەو ڕێککەوتنە باشانە بکەن کە لە ئەنجامی ئەم سەردانەدا هاتوونه‌ته‌ ئاراوە.

لای خۆیەوە محەممەد موخبەر جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران پەیوەندییەکانی تاران و دیمەشقی بە ستراتیژی و دۆستانە وەسف کردووه‌.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: تەیسیر محه‌مه‌د