پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سووریا لە گوندەواری قامشلۆ شانزەهەمین کۆنگرەی ئەنجامدا

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سووریا شانزەهەمین کۆنگرەی خۆی لە هاوینەهەواری بیلسان لە شاری عامودا، لە گوندەواری قامشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا.

دوای کۆچی دوایی عەبدولحەمید دەروێش، سکرتێری پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سووریا لە 24ی تشرینی یەکەمی 2019دا، بەهۆی ناکۆکییەکانی نێو ریزەکانی ئەو پارتەوە، چەندجارێک کۆنگرەکە دواخرا، بەو پێیەی سەڵاح دەروێشی برای عەبدولحەمید، داوای کردبوو ببێتە سکرتێری جێنشینی ئەو پارتە، ئەمەش بووە هۆی دووبەرەکی لەناو ریزەکانی پارتە سیاسییە کوردییەکەی رۆژئاڤادا.

رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2023، سەڵاح دەروێش سەرۆکایەتی کۆنگرەیەکی کرد کە بە گوتەی خۆی نوێنەرایەتی ئەو پارتە دەکات و لە شاری قامشلۆ بەڕێوەچوو، لە میانی کۆنگرەکەشدا بە سکرتێری پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سووریا هەڵبژێردرا، جگە لەوەی 27 ئەندامی لیژنەی ناوەندی پارتەکەش هەڵبژێردران.

ئەحمەد سلێمان، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخواز لە سووریا و یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی ئەو پارتە رایگەیاند، “ئەو دواکەوتنەی کە روویدا بەهۆی هەندێک کێشەوە بوو کە لە ناو پارتەکەدا روویدا”.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس زیادی کرد: لە کۆنگرەی ئەمڕۆدا باس لە سیاسەتی پارتەکە و هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ دەکرێت و باس لە دۆخی پارتەکەمان دەکرێت دوای ئەو قەیرانەی کە بەسەریدا هات”.

سلێمان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە “لەو کۆنگرەی پێشتر بەڕێوەچوو، بەیاننامەیەکمان بڵاوکردەوە کە نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سووریا ناکات، هەروەها پێچەوانەی بڕیارەکانی لیژنەی ناوەندی دەستوورییە، کە لە ساڵی 2015ەوە پەسەند کراوە”.

ئەو سیاسەتمەدارە کوردە دەڵێت: “ئێمە بانگهێشتی بزووتنەوەی سیاسی و لایەنە سیاسییەکانمان نەکرد بۆ ئەوەی ئەو هێزانە شەرمەزار نەکەین، جگە لە هەڤاڵانی کۆن و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و ئەنجوومەنەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی تەنها پشتمان بە ئەندامانی کۆنگرە بەستبوو”.

سلێمان زیادی کرد: “ئەو سەرکردایەتییەی لەم کۆنگرەیەوە دەردەکەوێت، هەوڵ دەدات پەیوەندی لەگەڵ تەواوی لایەنەکان بکات، بەو پێیەی ئێمە بەشێکین لە بزووتنەوەی نیشتمانیی کورد و بزووتنەوەی نیشتمانیی سووریا”.

هەروەک لە کۆنگرەکەدا تاوتوێی “هەموارکردنەوەی بەرنامەی سیاسی پارتەکە و رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی پێشنیارکراوی کۆنگرەکە، جگە لەو بابەتانەی کە دەبێت گفتوگۆیان لەسەر بکرێن، بەتایبەتی دوای ئەو قەیرانەی کە لە ماوەی رابردوودا لە ناو پارتەکەدا روویداوە”.

ئامادەکردنی: نالین عەلی – داڕشتنەوەی: مالین محەمەد