دیمەشق: راگرتنی هاوکارییەکانی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی بۆ سووریا بڕیارێکی سیاسیە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، حکومەتی سووریا ناڕەزایی خۆی لە راگەیاندنی راگرتنی هاوکارییەکانی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی بۆ سووریا دەربڕی و راگەیاندنەکەی بە “سیاسی” ناوبرد و گوتیشی “ئامانجی فشارخستنە سەر گەلی سووریایە”.
رۆژی دووشەممەی رابردوو، بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆتایی هاتنی بەرنامەی گشتیی یارمەتی خۆراکی خۆی لە سەرتاسەری سووریا لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە 2024 راگەیاند، کە گوتیان “بەهۆی کورتهێنانی زۆری داراییەوە”یە.
ئەمڕۆ حسێن مەخلوف، سەرۆکی لیژنەی باڵای فریاگوزاری و وەزیری کارگێڕی خۆجێی و ژینگە لە حکومەتی سووریا لەگەڵ کینێس کرۆسلی نوێنەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە سووریا کۆبووەوە بۆ روونکردنەوەی دوایین بڕیاریان، بەبێ هەماهەنگی پێشوەختە لەگەڵ لایەنی سووریا.
مەخلوف گوتی، “بەردەوامیی هاوکارییە خۆراکییەکان بۆ هاووڵاتیانی سووریا گرنگە، کە لەلایەن پرۆگرامی خۆراکەوە پێشکەش دەکرێت، بەهۆی ئەو بارودۆخە ئابوورییە سەختەی کە زۆرینەی رەهای گەلی سووریا پێیدا تێدەپەڕێت”.
ئاژانسی حکومەتی سووریا “سانا” ئاماژەی بەوەکرد، وەزیرەکەی سووریا هیواداربووە پرۆگرامی خۆراک پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیدا بکات، هەروەها رێبازێکی بابەتیانە و مرۆییانە بگیرێتەبەر، بۆ پاراستنی بەردەوامی پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ زۆرترین ژمارەی کەمدەرامەت، هاوکات نێردەی پرۆگرامی خۆراک بەڵێنیدا پەیامەکە بگەیەنێتە بەڕێوبەرێتیەکەیان.