“بە هۆکاری سەلامەتی” پنتاگۆن کارپێکردنی جۆرێک لە فڕۆکەی راگرت

قامشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ، چوارشەممە، پنتاگۆن بڕیاریدا وەک “رێکارێکی خۆپارێزی”، کارپێکردنی فڕۆکەکانی جۆری “ئۆسپرێی” رابگرێت، ئەمەش دوای زنجیرەیەک رووداوی کوشندە هات، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی چەندین سەربازی ئەمریکی.

رۆژی 29ی تشرینی دووەمی رابردوو فڕۆکەیەکی سەربازی ئەمریکی جۆری “ئۆسپرێی” لە نزیک دوورگەی یاکوشیما لە باشووری ژاپۆن کەوتە خوارەوە و هەشت سەربازی ئەمریکی گیانیانلەدەستدا.

پێش ئەو فڕۆکەیە لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا فڕۆکەیەکی هەمان جۆر لە باکووری ئوسترالیا کەوتەخوارەوە و لە کۆی 23 کەسی ناو فڕۆکەکە، سێ هێزی دەریایی ئەمریکی گیانیانلەدەستدا.

سوپای ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، “فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی هێزی ئاسمانی فەرمانی راگرتنی ئەو فڕۆکە سەربازیانەی دەرکردووە، کە دەتوانن وەک کۆپتەر بە شێوەیەکی ستوونی هەڵبفڕن و بنیشنەوە وەک فڕۆکەیەکی ئاسایی.

لە بەیاننامەی دووهەمدا هێزی دەریایی ئەمریکا رایگەیاند، کە ئەم بڕیارە فڕۆکەکانی جۆری “ئۆسپرێی” و ئەو جۆرانەش دەگرێتەوە کە CV-22 ناسراون.

بڕیارەکەی سوپای ئەمریکا پاش زانیارییە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەکانی رووداوەکەی ئەمدواییەی ژاپۆن دێت کە هەشت سەربازی ئەمریکی گیانیان لەدەستدا.

لە دوای ڕووداوەکەی ئەم دواییە، ژاپۆن گەشتی فڕۆکەکانی “ئۆسپرێی” راگرتووە، هەروەها داوای لە سوپای ئەمریکا کردووە هەمان کار لەسەر خاکی ژاپۆن بکەن، ئەمەش وەک “رێکارێکی خۆپارێزی”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان