ئەردۆغان هەڕەشەی داگیرکردن لە رۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێ “بەمنزیکانە هێرشیان دەکەینە سەر”
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەڕەشەی داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستانی کرد و گوتی “بەم زووانە هێرشی بۆ دەکەین”.
ئەو قسانەی ئەردۆغان لە وتارێکدا هات، کە دوای دیدارەکەی لەگەڵ حکومەتی تورکیا پێشکەشی کرد، گوتیشی: “بەمنزیکانە ناوچەی تل رەفعەت و ناوچەکانی دیکەی باکووری سوریا لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان پاک دەکەینەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد: “بەهەموو لایەنگرانی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی سەر سنوورەکانی باشووری خۆمان دەڵێم، کە هەوڵ بۆ جیابوونەوە دەدەن، ئێمە پلانەکانتان دەبینین و تێدەگەین، هەرگیز رێگە نادەین پلانەکانتان جێبەجێ بکرێن، پێگەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە باکووری سووریا و عێراق بە سەر سەریاندا وێران دەکەین”.
ئەردۆغان بەردەوام بوو لە هەڕەشەکانی و گوتی: “رێگە نادەین پێکهاتەیەکی تیرۆریستی لەسەر سنوورەکانی باشوورمان دابنرێت”. ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: تەیسیر محەمەد