“هەسەدە” کوژرانی 4 چەکداری میلیشیایەکی سەر بە تورکیای لە گوندەواری حەسەکە راگەیاند
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزەکانی سووریای دیموکراتی رۆژئاوای کوردستان، کوژرانی 4 چەکداری میلیشیایەکی سەر بە تورکیایان لە شارۆچکەی زرگان لە گوندەواری حەسەکە راگەیاند.
ناوەندی راگەیاندنی “هەسەدە” بڵاویکردەوە، “لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی شایستە و ئۆپەراسیۆنەکانی بەرگریی لەخۆکردندا لە دژی هێرشەکانی تورکیا و میلیشیاکانیان، دوێنێ سێشەممە، هێزەکانمان ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی میلیشیاکانیان کردە ئامانج لە گوندی تل محەمەد، سەر بە ناحیەی زرگان”.
بە گوێرەی راگەێنراوەکەی “هەسەدە”، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکەدا 4 چەکداری “جەیش وەتەنی” هەڵسوڕاو لە لایەن تورکیاوە کوژران و ئۆتۆمبێلەکەیان لەناوبرا.
ناوەندی راگەیاندن ئاماژەی بەوەدا، پێش ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە، هێزەکانی سووریای دیموکراتی رۆژئاڤا، چاودێری جموجۆڵی میلیشیاکەیان کردووە، کە “ئامادەکارییان دەکرد بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر ناوچە و پێگەکانی هێزەکانمان”.
هێزەکانی سووریای دیموکرات، جەختیان لەوە کردەوە کە درێغی ناکەن لە وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک، کە لە لایەن سوپای تورکیا و میلیشیاکانی سەر بەوانەوە بکرێتە سەریان، هەروەها بەپێی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان، رەوایەتی تەواویان هەیە بۆ بەرگریکی کردن لە خۆیان و ناوچەکانیان.