لە ماوەی 100 هەزار ساڵدا.. ئەمساڵ 2023 گەرمترین بووە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، روانگەی ئەوروپی “کۆپەرنیکۆس” رایگەیاند کە ساڵی 2023 لە مێژووی تۆمارکراوی 100 هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە “گەرمترین بووە”، دوای ئەوەی مانگی تشرینی دووهەمی رابردوو بووە شەشەم مانگ لەسەریەک کە ریکۆردەکانی گەرما بشکێنێت.

سامانسا بورگیس، جێگری بەرپرسی بەشی کەشوهەوا لە روانگەی “کۆپەرنیکۆس” ، گوتی، “ساڵی 2023 شەش مانگی پێوانەیی و دوو وەرزی پێوانەیی لەخۆدەگرێت”.

“کۆپەرنیکۆس” خزمەتگوزارییەکی کەشوهەوا و سیستەمێکی ئەوروپییە، کە تایبەتمەندییەکانی مانگی دەستکردی چاودێری زەوی وەردەگرێت، ئەو زانیاریانەی بەدەستی دەهێنێت لەگەڵ ئەو زانیاریانەی لەسەر زەوی گیراوە تێکەڵ دەکرێت بۆ دروستکردنی ناوەندێکی پێشبینیکردن لەسەر ئاستێکی گشتگیر، کە یارمەتیدەرە بۆ پێشبینیکردنی بارودۆخی ژینگەیی و ئەمنی، هەروەها دابینکردنی زانیاری دەربارەی گۆڕانی کەشوهەوا و کارەساتە سروشتییەکان.

ئەم ڕاگەیاندنە بۆ ئەوە دێت کە فشارێکی زیاتر بخرێتە سەر دانوستانە بەردەوامەکانی کۆنفرانسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان (COP28) کە لە دوبەی بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی ئەو روانگەیە، تێکڕای پلەی گەرمی جیهان لە ساڵی 2023دا 1.46 پلەی سەدی زیاتر بووە لە سەردەمی پێش شۆڕشی پیشەسازی.

زانایان دەڵێن ئەو زانیاریانەی لە نمونەی سەهۆڵبەندان و ئەڵقەی درەخت و هاوشێوەکانی وەرگیراون ئاماژە بەوە دەکەن کە ساڵی 2023 گەرمترین ساڵی مێژووی زەوی بێت لە ماوەی زیاتر لە 100 هەزار ساڵدا.

ئامادەکردن و دارشتنەوەی: تەیسیر محەمەد