ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

وابڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.

کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران دەبێت.

بە گوێرەی راگەێنراوی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیارە لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتی بەشەبودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان بکرێت.

راشیانگەیاندووە، کە لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا “راپۆرتی جێگری سەرۆکوەزیران پشتبەستوو بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە راسپاردنی جێگری سەرۆکوەزیران، بۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە پرسی زیادبوونی تووندوتیژی دژی ژنان و خستەڕووی راسپاردە و چارەسەرەکان دەخرێنە بەر باس”.

بڕیاریشە لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێک سەبارەت بە دۆخی کارەبای هەرێمی کوردستان بخرێتەڕوو.