ماڵپەڕێكی ئەمەریكی: ئیسرائیل داهاتووی غەززە بۆ دوای جەنگ، لەگەڵ ئەمەریكا تاوتوێ دەكات

دیمەشق – نۆرس پرێس

ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمەریكی لە زاری کاربەدەستانی واشنتنەوە بڵاویكردووەتەوە، زانیاری ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر دانوستانەکانی نێوان حکومەتی ئیسرائیل و ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە كەرتی غەززە و ئیسرائیل پلانەکانی داهاتوو بۆ غەززە تاوتوێ دەکات.

لە ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕەکەدا هاتووە کە تیمی ئیدارەی جۆ بایدن لە سەرەتای ململانێکانی ئیسرائیل و حەماس لە 7 ی تشرینی یەكەمەوە فشاریان خستۆتە سەر ئیسرائیل، بۆ ئەوەی پلانێک بۆ داهاتووی غەززە لە دوای جەنگ دابڕێژێت.

بەرپرسانی ئەمریکی ترسی واشنتنیان لە بۆشایی ئەمنی لە غەززە و سەرهەڵدانەوەی حەماس ئاشکرا کردووە.

شەممەی ڕابردووش، بەرپرسانی کۆشکی سپی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند، کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا  ئامانجە سەرەکییەکانی ئەمریکا بۆ کاتی کۆتایی هاتنی ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس تاوتوێ دەکات و جەخت لەسەر پێویستی یەکخستنەوەی گەلی فەلەستین لە غەززە و كەناری ڕۆژئاوا لەژێر یەک دەسەڵاتدا دەکاتەوە.

لەمبارەیەوە بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاندووە: (هاریس) جەخت لەوە دەکاتەوە ە هەر پلانێک بۆ قۆناغی دوای ململانێکان لە غەززە هەبێ، پێویستە ئاسۆیەکی سیاسی ڕوون بۆ گەلی فەلەستین لەخۆبگرێت و یەکگرتنەوەی غەززە و كەناری ڕۆژئاوا لەژێر یەک قەوارەدا مسۆگەر بکات.

بەرپرسانی ئەمریکی باسیان لە بەهێزکردنی دەسەڵاتی فەلەستین کردووە بۆ ئەوەی بتوانێت مەودای کارەکانی فراوانتر بکات و غەززەش بگرێتەوە، بەڵام بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز هێشتا لەسەر پلانێکی تۆکمە ڕێکنەکەوتوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەكەی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، فیل جۆردۆن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریكا، کورتەیەکی لە گفتوگۆکانی هاریس لە دوبەی لەگەڵ سەرکردە عەرەبییەکان سەبارەت بەوەی چی ڕوودەدات، دوای کۆتاییهاتنی شەڕ لە غەززە، خستووەتەڕوو، هاریس بە ئاشکرا باسی لە چۆنیەتی بەڕێوەبردن و ئاوەدانکردنەوە و ئاسایش و حوکمڕانی لە غەززە كردووە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان