بەڕێوبەریی هاتوچۆی رۆژئاڤا نرخی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل و بەهای سەرپێچییەکان بەرز بکاتەوە
قامشلۆ– نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەیەک لە فەرمانگەی هاتوچۆی بەڕێوبەریی خۆسەریی رایگەیاند، بە نیازن بەهای تۆمارکردن و سەرپێچیەکانی هاتوچۆ لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان بەرز بکاتەوە.
سەرچاوەکە کە پێی باش بوو ناوی ئاشکرا نەکرێت، بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە نرخی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل و بەهای سەرپێچیەکان بەرز دەبێتەوە.
سەبارەت بە بەهای سەرپێچییەکانی تیژڕەوی کە کامێراکان لە سەر رێگاوبانەکان دەیانگرن، رایگەیاند، ئەوە بەندە بە ئاستی خێرایی تیژڕەویەوە، بۆ نمونە بەهای سەرپێچی هاتوچۆ بۆ ئۆتۆمبێلێک کە بە خێرایی 160کم لە کاتژمێرێکدا لێبخوڕێت، 160 هەزار لیرەی سوری دەبێت ، بەپێی سەرچاوەکە.
ئەو سەرچاوەیە وردەکاریی زیاتری نەخستەڕوو و جەختی لەوە کردەوە کە زیادکردنەکە سەرجەم مامەڵەکانی هاتوچۆ لە رۆژئاوای کوردستان دەگرێتەوە.