سوپای ئوردن کوژرانی چەند قاچاخچییەکی راگەیاند کە بە نیاز بوون ماددەی هۆشبەر لە سووریاوە ببەنە ئوردن
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، سوپای ئوردن، کوشتنی چەند قاچاخچییەک و دەستبەسەرداگرتنی “بڕێکی زۆر” ماددەی هۆشبەریان راگەیاند، کە هەوڵ دەدرا لە خاکی سووریاوە بیهێنن بۆ ئەو وڵاتە.
سووپای ئوردن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان ئەنجامداوە کە بە “چۆنایەتی” وەسفیکردووە، لەسەر یەکێک لە سنوورەکانیان لەگەڵ سووریا، لە ئەنجامدا هەوڵێکی دزەپێکردن و بە قاچاخ بردنی ماددە هۆشبەرەکان لە خاکی سووریاوە بۆ ئوردن پووچەڵکراوەتەوە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا سێ قاچاخچیان کوشتووە، کە بە هەماهەنگی نێوان پاسەوانی سنوور و ئیدارەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و دەزگا ئەمنییە سەربازییەکان ئەنجامدراوە، “بە رەچاوکردنی جێبەجێکردنی یاساکانی جەنگ، بە تەقەکردنی ڕاستەوخۆ لەسەر قاچاخچییەکان”.
قاچاخچییەکان 233 هەزار حەبی کاپتاگۆن و 528 دەستە حەشیشیان پێبووە، کە بە گوتەی سوپای ئوردن، دوای دەست بەسەرداگرتنیان گواستراونەتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو وڵاتە.