لە دوو رووداودا لە دێرەزوور سێ شەڕڤانی “هەسەدە” و هاووڵاتییەکی سڤیل بوون بە قوربانی
دێڕەزوور – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، لە دوو رووداوی جیادا لە شارۆچکەیەکی رۆژهەڵاتی دێرەزووری رۆژئاوای کوردستان، شەڕڤانێک لە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) شەهید بوو و سێ کەسی دیکە بریندار بوون کە یەکێکیان سڤیل بوو.
سەرچاوەیەکی خۆجێی نزیک لە رووداوەکە لە شارۆچکەی ئەبریهە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور رایگەیاند، دوو چەکداری نەناسراو بە ماتۆڕسکیلەوە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی “هەسەدە”یان بە چەکی کڵاشینکۆف لەسەر رێگای سەرەکی، نزیک دەرگای چوونە ژوورەوەی شارۆچکەکە کردووەتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەئامانجکردنەکە بووەتە هۆی شەهید بوونی شەڕڤانێکی”هەسەدە” و برینداربوونی دووانی دیکە، کە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی کێڵگەی ئەلعومەر بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە هاوکات بووە لەگەڵ هێرشێکی دیکە، کە لەلایەن دوو کەسی دەمامکدارەوە بە ماتۆڕسکیلێکەوە ئەنجامدراوە و تیایدا بە گولـلە هاوڵاتییەکی سڤیلیان کردووەتە ئامانج و برینداریانکردووە و بە ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتنی سڤیل لە دەرەوەی شارۆچکەکەوە گواستراوەتەوە، هاوکات هەردوو هێرشبەرەکە هەڵاتوون.