خولی ئینگلیزی.. ئەرسناڵ یاری هەیە و دەیەوێت پێگەی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی بەهێزتر بكات
لە گەڕی پازدەیەمینی خولی ئینگلیزی، ئەمڕۆ دوو یاری بەڕێوەچن، كاتژمێر 10:30 ی شەو، یانەی وۆلفرهامپتن لە نێو یاریگای خۆی میوانداری یانەی بێرنلی دەكات. ئینجا كاتژمێر 11:15 ی شەو یانەی ئەرسناڵی خاوەن پلەی یەكەمی ریزبەندی دەبێتە میوانی یانەی لوتون تاونی خاوەن پلەی حەڤدەیەمینی ریزبەندی.
ئەم یارییە هەر چەندە بۆ ئەرسناڵ لەوانەیە ئاسان بێت، بەڵام لەهەمانكاتدا یارییەكی گرنگە و بە بردنەوەی پێگەی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی بەهێزتر دەكات بەبێ ئاور دانەو لە ئەنجامی یارییەكانی دیكەی ئەم هەفتەیە.
یانەی ئەرسناڵ لەم وەرزەی پرێمەرلیگ لە كۆی 14 یاری لە 10 یاری سەركەوتنی بەدەستهێناوە و بە كۆكردنەوەی 33 خاڵ پلەی یەكەمی ریزبەندی گرتووە، لەو كاتەی یانەی لیڤەرپول بە كۆكردنەوەی 31 خاڵ لە پلەی دووەم و یانەی مانچستەر سیتی بە 30 خاڵ لە پلەی سێیەمدایە.