سوپای ئەمریکا سەرچاوەی 15 مووشەک ئاشکرا دەکات کە ئاڕاستەی بنکەیەکیان كراوە لە سوریا
قامشلۆ – نۆرس پرێس
سوپای ئەمریکا، درەنگانێکی دوێنێ، ڕایگەیاند، رۆژی یەکشەممەی رابردوو، 15 مووشەک لە عێراقەوە بۆ بنکەیەكیان لە شارۆچکەی ڕمێلان لە رۆژئاوای كوردستان هەڵدراون.
لەمبارەیەوە فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژەی بەوەکردووە، هێرشە موشەكییەكان هیچ زیانێکی گیانی و ماددی بەدوای خۆیدا نەهێناوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، توانیویانە لە ڕێگەی سیستەمی چاودێرییەوە شوێنی هەڵدانی موشەكەكان دەستنیشان بكەن و دوای گواستنەوەی زانیارییەكان بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق، شوێنی هەڵدانی موشەكەكان پشتڕاستكراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بارهەڵگرێکی سووتەمەنی دەستکاریکراو بۆ ئاڕاستەكردنی تا 20 مووشەک لە شوێنەکەدا دۆزراوەتەوە، بێ ئەوەی وردەكاری زیاتر بخرێتەڕوو.