عەفرین.. له‌ دوو هێرشی جیاوازدا، دوو ئه‌ندامی میلیشیایه‌كی لایەنگری تورکیا بریندار بوون

عەفرین – نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ دووشەممە لە دوو هێرشی جیاوازدا لە گونده‌واری عەفرینی داگیركراو، سەرکردەیەک و ئەندامێکی گروپی جه‌یش وه‌ته‌نیی سه‌ر به‌ تورکیا بریندار بوون.

ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو گروپه‌ چه‌كدارانه‌دان، رۆژانه‌ رووبه‌ڕووی هێرشی چەکدارانی نه‌ناسراو ده‌بنه‌وه‌. سەرچاوەیەکی ئەمنی لە میلیشیای جه‌یش وه‌ته‌نی بە پەیامنێری نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆمبێكی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی ئه‌م میلیشیایه‌ لەسەر ئه‌و ڕێگایه‌ی شارۆچکەی غەزاویە و شاری عەفرین بەیەکەوە دەبەستێتەوە تەقیوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تەقینەوەکە بووەته‌ هۆی برینداربوونی ئەمجەد ئەلحومسی، سه‌ركرده‌ له‌ فه‌یله‌قی شام، کە خەڵکی گونده‌واری باکوری حومسە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەربازیی ئەو شارە.

سەرچاوەکە راشیگه‌یاندووه‌ له‌ هێرشێكی دیكه‌دا چه‌كداره‌ نەناسراوەکان تەقەیان لە خاڵێکی پشکنینی میلیشیای فیرقەی نۆ لە سەر ڕێگای نێوان شارۆچکەی ڕاجۆ و باکووری ڕۆژئاوای شاری عەفرینی داگیركراو، به‌هۆیه‌وه‌ ئەندامێک بە سەختی بریندار بووە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ تورکیا.

ئامادەکردنی: موئەیەد شێخ – داڕشتنه‌وه‌ی: سەعد یازیچی