له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ 206 حاڵەتی خۆکوشتن له‌ سوریا تۆماركراوه‌

دیمەشق – نۆرس پرێس

له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ تا 30ی تشرینی دووەم 206 حاڵەتی خۆکوشتن لە سەرانسەری ناوچەکانی سوریا تۆمارکراوە.

دەسەڵاتی گشتیی پزیشکی دادوەری لە دیمەشق ڕایگەیاندووه‌ لە پارێزگاکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا 146 حاڵەتی خۆکوشتنیان تۆمارکردووە کە 99 حاڵه‌ت لە ڕەگەزی نێر و 47 حاڵەتیان لە ڕەگەزی مێ بوون.

زاهیر حاجۆ، بەڕێوەبەری گشتی له‌ دەستەی گشتیی پزیشکی دادوەری ژمارەی حاڵەتەکانی خۆکوشتنی لە پارێزگاکان ئاشکرا کردووه‌ و ئاماژەی بەوەداوه‌ کە پارێزگاری حەلەب زۆرترین ژمارەی ئەمساڵی تۆمارکردووە كه‌ 28 حاڵەت بووە 10 لە ڕەگەزی نێر و 18 لە ڕەگەزی مێ بوون.

پارێزگای دیمەشق دوای حەلەب دێت 24 حاڵەتی خۆکوشتنی لێ تۆمارکراوه‌، کە 18 حاڵەتیان لە ڕەگەزی نێر و 6 حاڵەتیان لە ڕەگەزی مێ بوون، دواتر تارتووس، 19 حاڵەت  و لازقییە، 19 حاڵەتی خۆ كوشتنی لێ تۆماركراوه‌.

لای خۆیه‌وه‌ بەشی چاودێری و به‌ڵگه‌كردنی ئاژانسی نۆرس پرێس 24 حاڵەتی خۆکوشتنی لە رۆژئاوای كوردستان تۆمارکردووە.

هه‌روه‌ها بەگوێرەی میدیاکانی ئۆپۆزسیۆن، زیاتر لە 36 حاڵەتی خۆکوشتن لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا تۆماركراوه‌.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: تەیسیر محه‌مه‌د