سوپای ئەمریکا: لە لایەن حوسییەکانەوە چوار جار هێرش کرایە سەر کەشتیەکمان لە دەریای سوور
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، سێ کەشتیان لە دەریای سووردا کەوتوونەتە بەر چوار هێرشی مووشەکی لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە.
ئەم هێرشانە زیانی “سووک”یان بە یەکێک لە کەشتییەکان گەیاندووە و لە راگەێنراوی سوپای ئەمریکادا هاتووە، کە کەشتیی تێکشکێنەری “ئارلی بیرک یو ئێس ئێس کارنی” وەڵامی سەرجەم ئەو هێرشانەی داوەتەوە و ئەو مووشەکانەی لەلایەن حوسییەکانەوە ئاراستە کراون، خستۆتە خوارەوە.
درەنگانی ئێوارەی دوێنێ، گروپی حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، کەشتییەکانی “یونیتی ئێکلۆڤەر” و “نەمبەر ناین”یان لە دەریای سووردا ، بە مووشەکێکی دەریایی و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەریایی کردۆتە ئامانج، لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە ئەو دوو کەشتییە “ئیسرائیلین”.
چەند کاتژمێرێک پێشتر دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاندبوو کە راپۆرتیان پێگەیشتووە سەبارەت بە چالاکیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لە یەمەنەوە هەڵدرابوون، هەروەها ئەگەری تەقینەوە لە نزیک گەرووی باب ئەلمەندەب لە دەریای سوور.
لە راگەێنراوەکەی ئەمریکادا ئاماژەی بەوەشکراوە، ئەم هێرشانە “بە تەواوی لەلایەن ئێرانەوە سەرپەرشتی کراون”، و “مەترسی راستەوخۆ” بۆ سەر بازرگانی نێودەوڵەتی و ئاسایشی دەریایی پێکدەهێنن و ژیانی تیمە نێودەوڵەتییەکانی نوێنەرایەتی وڵاتانی جیهانیان خستۆتە مەترسییەوە.
راسیانگەیاند کە ئەمریکا بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ هاوپەیمانەکانی و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان شێوازەکانی وەڵامدانەوەی گونجاو لەبەرچاو دەگرن.