ئاسایشی رۆژاڤا هەڵمەتێکی ئەمنی لە کامپی هۆل رادەگەێنێت
حەسەکە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان، لەڕێگەی بەیاننامەیەکەوە، دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی “مرۆیی و ئەمنی” یان لە کامپی هۆل راگەیاند، بۆ راوەدونانی شانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش).
ئاسایشی رۆژاڤا ساڵی 2021 قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەیان دەستپێکرد، ئەمەش لە وەڵامی بانگەوازی کەسایەتیەکانی ناوچەکە و شێخەکانی عەشیرەتەکانی گوندەواری هۆل، بۆ کەمکردنەوەی تاوانەکان لە کامپەکەدا.
بەپێی بەیاننامەکە، لەماوەی ئەمساڵدا، داعش 43 کردەوەی ئەنجامداوە کە تیایدا 44 نیشتەجێی کامپی هۆل گیانیان لەدەستداوە کە 14 ژن و 2 منداڵیان تێدایە، بە بەکارهێنانی دەمانچەی بێدەنگ و ئامێری تیژ و تفەنگ دوای ئەشکەنجەدانیان کوژراون، و پاشان فڕێیانداون بۆ ناو کەناڵەکانی ئاوەڕۆ.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کامپی هۆل لە ڕۆژهەڵاتی حەسەکە بووە بە “ئامانجێکی گونجاو بۆ شانەکانی داعش و ئەو خێزانانەی کە پەیوەندییان پێوە هەیە، لەڕێگەی دامەزراندن و هاندان و پڕوپاگەندە بۆ شانەکانیان لە سوریا و عێراق و جیهان”.
بەپێی بەیاننامەکە، لەماوەی ئەمساڵدا لە کامپی هۆل 13 جار هەوڵی رفاندنی دانیشتوانی دراوە لە لایەن داعشەوە و ئەم کردەوانەش دوای ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا زیادیان کردووە، ئەمە جگە لە لەناوبردنی پێداویستییە پزیشکی و خزمەتگوزارییەکان، لو ابردنی بەربەستە ئەمنییەکانی دەوروبەری کەمپەکە، و سووتاندنی چادرەکان.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە کۆنترۆڵکردنی کامپی هۆل ئامانجی دووەمی توخمەکانی ڕێکخراوەکە بووە؛ دوای ئەوەی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی زیندانی سناعەیان دا لە حەسەکە ” کە داعش هەوڵیدا کەلێنێک بکاتەوە کە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی سوریا ببەستێتەوە بە سنوورەکانی عێراق و بیابانی سوریا و سنوورەکانی تورکیاوە.”
لە بەیاننامەکەدا زیادبوونی ئۆپەراسیۆنە “تیرۆریستییەکان” لە کەمپەکەدا، دوابەدوای پەرەسەندنی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، باس کراوە.
راگەێنراوەکە دەڵێ: “دانپێدانانی تیرۆریستە دەسگیرکراوەکان و دۆکیومێنتەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە تورکیا هەموو هەوڵێکی داوە بۆ گەشتن بەداعش بە مەبەستی گرێدانەوەیان بە تۆڕە تیرۆریستەکانی باکووری سوریاوە”
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیی ئاماژەیان بەوە کرد کە نەبوونی پلانێکی نێودەوڵەتی ڕوون رێگەخۆشکەر بووە بۆ پەرەسەندنی مەترسییەکانی کامپەکە بۆ سەر دانیشتووانەکەی و دەوروبەری، هەروەها مەترسی هەستپێکراوی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی “تیرۆر”.
لە راگەێنراوەکەدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بەرپرسیار دەزانرێ لەو ڕادەی مەترسییەی کە کامپەکە پێیگەیشتبوو، “چاولێپۆشینی نێودەوڵەتی هەیە؛ بۆ ئەو تۆڕانەی پەیوەندی و دارایی کە شانە تیرۆریستەکان بە سەرکردەکانیانەوە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی تورکیا بەیەکەوە دەبەستنەوە.”