لە هێرشێکدا بۆ سەر لایەنێکی سەر بە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی حومس کوژراو و بریندار هەیە

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە دوو ئەندامی لیوای قودسی لایەنگری ئێران کوژران و سێ کەسی دیکەش برینداربوون لە هێرشێکی چەکداریدا کە کاروانێکی سەربازیی کردە ئامانج لە شارۆچکەی ئەلسوخنە لە ڕۆژهەڵاتی حومس لە ناوەڕاستی سووریا.

سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌ لیوای قودسی لایه‌نگری ئێران رایگه‌یاند كه‌ “چه‌كدارانی نه‌ناسراو به‌ ئۆتۆمبێل له‌سه‌ر رێگای وشكانی له‌ شارۆچكه‌ی ئه‌لسوخنه‌، کاروانێکی سه‌ربازی لیواكه‌یان كردۆته‌ ئامانج.”

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە نۆرس پرێسی وت: هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی دوو ئەندامی لیوای قودس و برینداربوونی سێ کەسی دیکە کە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی سەربازی ئەلوەعر لە حومس، لە زاری پزیشکێکی نەخۆشخانەکەوە رایگەیاند کە برینەکانیان مەترسیدارە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە زیانی ماددیشی لێکەوتووەتەوە، دوو ئۆتۆمبێلی کاروانەکەیان زیانیان بەرکەوتووە، دوای ئەوەی هێرشبەرەکان بەرەو قووڵایی بیابانەکە هەڵاتوون.

گروپە لایەنگرەكانی ئێران و هێزەكانی حكومەت كۆنتڕۆڵی ناوچەیەكی بەرفراوانی بیابانی سووریا و گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور دەكەن، كە لەم دواییانەدا چەندین شەڕی لەگەڵ داعشدا بەخۆوە بینی.

رۆژی 22ی ئابی ئەمساڵ، ئەندامێكی لیوای قودس لە شارۆچكەی ئەلمەسریب لە رۆژئاوای دێرەزوور لەلایەن چەند چەكدارێكی نەناسراوەوە تەقەی لێكرا و كوژرا.