کوژرانی سێ چەکداری میلیشیایەکی سەر بە ئێران لە دێرەزوور
دێرەزوور – نۆرس پرێس
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، بەهۆی پێکانی ئۆتۆمبێلەکەیانەوە بە هاوەنی سەرشان لە شارۆچکەیەکی گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور سێ چەکداری میلیشیایەکی سەر بە ئێران کوژران.
دوێنێ شەممە، یەکێک لە بارەگاکانی لیوای “زەینەبیون” لە بیابانی بوکەمال بەر گولـلەی سەرچاوەیەکی نادیار کەوت، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی و بریندار تۆماربکرێت.
سەرچاوەیەکی سەربازی لە لیوای زەینەبیون رایگەیاند، چەکدارە نەناسراوەکان بە هاوەنی سەرشان ئۆتۆمبێلێکی لیواکەیان کردووەتە ئامانج، کە لە ئەرکێکدا بوو بۆ دابەشکردنی خۆراک بەسەر خاڵە سەربازییەکان لە چواردەووری بیابانی بوکەمال لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ئامانجگرتنەکەوە، هەر سێ چەکدارەکەی کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون کوژراون.
لە دوایشدا هێرشبەرەکان هەڵاتوون، لە کاتێکدا (بەپێی سەرچاوەکە) هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.