گەمارۆكانی حکومەتی دیمه‌شق، کاره‌ خزمەتگوزارییه‌كانی لە حەلەب راگرتووه‌

حەلەب – نۆرس پرێس

شارەوانی گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب کە لەلایەن به‌ڕێوبه‌ری خۆسەرییه‌وه‌ بەڕێوەدەبرێن رایده‌گه‌یه‌نێت كاری داموده‌زگا خزمەتگوزاری و پەروەردەییەکانی دیکەی شاری حەلەب و گونده‌واری باکوری شاره‌كه‌ وه‌ستاون، به‌هۆی گه‌مارۆكانی حكومه‌ت له‌ ڕێگریكردن لە چوونە ژوورەوەی سوته‌مه‌نی و کەرەستەی لۆجستی.

ماوەی دە ڕۆژە دیمەشق گەمارۆی به‌سه‌ر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب و ناوچەی کەمپەکانی ئاوارەی عەفرین لە شارۆچکەی تەل ڕه‌فعەت و گوندەکانی باکوری گونده‌واری حەلەب سەپاندووە.

دوێنێ هەینی، سەرچاوە ئاگادارەکان بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاند، دیمەشق داوا دەکات به‌ڕێوبه‌ری خۆسه‌ری، بڕی ئەو سووتەمەنییەی دەیھێنێتە ناو حەلەب بۆ دوو هێنده‌ی تر زیاد بکات، ئەمە جگە لە پێدانی باج به‌ فیرقەی چواری سه‌ر به‌ حكومه‌ت.

شارەوانی گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب لە راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەرجەم کارە خزمەتگوزارییەکانی ڕاگرتووە، چونکە ڕێگە نادرێت کەرەستەی سەرەتایی بۆ ئه‌م گه‌ڕه‌كانه ‌بێن، ئه‌م كاره‌شی به‌ سیاسەتی برسیکردنی خەڵک و سەپاندنی گەمارۆیەکی ناڕەوا زانیوه‌.

راشیگه‌یاندووه‌ حکومەتی دیمەشق بارودۆخی مرۆیی دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی ده‌ستكه‌وت لە به‌ڕێوبه‌ری خۆسه‌ری وەربگرێت.

پێنجشەممەی ڕابردوو بەرپرسێکی به‌ڕێوبه‌ری خۆسه‌ری لە گونده‌واری باکوری حەلەب هۆشداری دا لە “کارەساتێکی مرۆیی” بەهۆی گەمارۆكانی حکومەتەوە.

جەمال ڕەشید، جێگری هاوسەرۆکی به‌ڕێوبه‌ری خۆسه‌ری لە گونده‌واری باکوری حەلەب، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، کەرتی پزیشکی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەو پێیەی تەنیا دوو نەخۆشخانە هەیە و کارەکانیان سنووردارە بە وەرگرتنی حاڵەتی فریاگوزاری بەپەلە.

یەکشەممەی ڕابردووش، فازڵ چاویش، هاوسەرۆکی ده‌سته‌ی پەروەردە و فێركردن لە گونده‌واری باکوری حەلەب ڕایگەیاند، گەمارۆدانەکە ناچاری کردوون هەموو قوتابخانەکان دابخەن. قه‌ده‌غه‌ی هێنانی سووتەمەنی بووەته‌ هۆی وەستاندنی هەموو ئامرازەکانی گواستنەوە.

ئەو بەرپرسەی ئیدارەی خۆسەر داوای لە ڕێکخراوە مرۆییەکان کرد دەستوەردان بکەن بۆ ئەوەی ناوچەکە له‌و مه‌ینه‌تییه‌ ڕزگار بکەن،

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: عه‌گید مشمش