لە گرێ سپی خاڵێكی هاوبەشی هێزەكانی توركیا و میلیشیایەكی دڵسۆز بۆی، كرایە ئامانج
گرێ سپی – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی ژمارەیەک چەكدار هێرشیان کردە سەر خاڵێکی سەربازی هاوبەشی هێزەکانی تورکیا و میلیشیای شورتەی عەسكەری لە گوندەواری گرێ سپیی داگیركراو لە رۆژئاوای كوردستان، بەهۆیەوە ئەندامێکی ئەم میلیشیایە کوژرا و دووی دیکەش برینداربوون.
لە بیست و سێی مانگی ڕابردووش، سێ ئەندامی گروپێكی سەر بە فیرقەی “حەمزات”ی دڵسۆز بۆ ئەنقەرە بەهۆی گولـلەی چەكدارە نەناسراوەکانەوە بریندار بوون، دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکەیان لە گوندەواری باشووری شاری گرێ سپیی داگیركراو لە رۆژئاوای كوردستان كرایە ئامانج .
سەرچاوەیەكی سەربازی به نۆرس پرێسی راگەیاند، چەكدارانی نەناسراو هێرشیان كردووەتە سەر خاڵێكی هاوبەشی هێزەكانی توركیا و میلیشیای شورتەی عەسكەری دڵسۆز بۆ ئەنقەرە، له نزیک گوندی حەمام تورکمان له باشووری گرێ سپی رۆژئاوای كوردستان .
ئەوەیشی خستەڕوو، بەهۆی هێرشە ئەندامێکی شورتەی عەسكەری کوژراوه و دوو دیکه ش برینداربوون، هاوکات هێزەکانی تورکیا به زرێپۆشەکانیانەوە له شوێنی هێرشەكە كشاونەتەوە، بریندارەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی گرێ سپی و رێگای شوێنی رووداوەكەش داخراوە.