واشنتن پابەندبوونی خۆی دووپاتدەکاتەوە، بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانەی بەرپرسیارن لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە سوریا

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ لیندا تۆماس گرینفیڵد باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانە دووپاتکردەوە کە بەرپرسیارن لە دووبارە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن رژێمی سوریاوە، ئەمەش بەهۆی پێشێلکردنی پابەندبوونەکانی بەپێی بڕیارنامەی ژمارە 2118 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و  ڕێککەوتننامەی چەکی کیمیایی.

تۆماس لە تویتێکدا بە بۆنەی یادکردنەوەی قوربانیانی کیمیاباران لە تۆڕی كۆمەلایەتی ئێكس ڕایگەیاند، ئەمریکا بەردەوامە لە فشارخستنە سەر ئەم پرسە، چونکە قوربانیان و ڕزگاربووانی ئەم هێرشە ترسناکانەمان لەبیرە کە ڕژێمی ئەسەد ئەنجامی داوە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا دوێنێ پێنجشەممە، بە هەوڵی نزیکەی دە گروپی مافی مرۆڤی سووریا و شارەزایانی یاسایی نێودەوڵەتی، دەستپێشخەرییەک بۆ دامەزراندنی دادگایەکی نوێ لە لاهای دەستیپێکرد، بۆ دادگاییكردنی ئەنجامدەرانی هێرشی نایاسایی بە چەکی کیمیاوی.

باڵیۆزی ئەمریکا جەختی لەوەش كردووەتەوە کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانییان و داوایكرد هەنگاوی ڕاستەقینە بنرێت بۆ کۆتاییهێنان بەو مەترسییە کیمیاییەی کە لە لایەن سوریاوە دروست بووە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: مالین محەمەد