تەرمی دوو کۆچبەری رۆژئاوای کوردستان لە بولگاریا دۆزرایەوە

قامشلۆ – نۆرس پرێس

دوای 11 رۆژلە بێسەروشوێن بوونیان، تەرمی دوو کۆچبەری کوردی رۆژئاوای کوردستان، کە خەڵکی گوندەواری قامشلۆن، دوو رۆژ لەمەوبەر لە نەخۆشخانەیەکی بولگاریا دۆزرایەوە.

لە رۆژی 17ی ئەم مانگەوە، کەسوکارەکانیان پەیوەندیان لەگەڵ هەردوو کۆچبەری کورد، عارف تاهیر (48 ساڵ) و برازاکەی عزەدین تاهیر (19 ساڵ)دا بچڕا، کە خەڵکی شارۆچکەی ترپرسپین لە رۆژهەڵاتی شاری قامشلۆی پایتەختی رۆژئاوای کوردستان، گەشتنیان بە دەوڵەتی سربیا دوا پەیوەندیان بووە و دوای ئەوە پەیوەندییان لەدەست داوە.

شیبال تاهیر، برای “عارف”، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “دوای ئەوەی یەکێک لە خزمەکانیان کە رەگەزنامەی بولگاری هەبووە، ناوی کۆچبەرەکانی لە بەش و نەخۆشخانەکاندا بڵاوکردوەتەوە، ئەویش پاش ئەوەی هەوڵەکانیان بۆ گەڕان بەدوایاندا لە تورکیا و سربیا شکستی هێنا”.

برای قەربانیەکە دەڵێ: “زانیارییان دەستکەوت کە دەسەڵاتدارانی سربیا کۆچبەرانیان دەستگیرکردووە، لەنێویاندا برا و برازاکەیان دیپۆرتیان کردووەتەوە بۆ دارستانەکانی بولگاریا”.

بە گوتەی “شیبال”، تا ئێستا هۆکاری گیانلەدەستدانیان نەزانراوە، بەڵام ” گومان دەکرێت ئەو دوو قوربانییە بە تەقەی دەمانچە کوژرابن”.

گوتیشی: “ئێستا چاوەڕێی دەرچوونی راپۆرتی پزیشکی دادوەری دەکەن پێش ئەوەی رەزامەندی وەربگرن بۆ گواستنەوەی تەرمی ئەو دوو قوربانییە بۆ شاری قامشلۆ بۆ ئەوەی تەرمەکانیان لەوێ بنێژن”.

ئامادەکردنی: دڵسۆز یوسف – داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی