سیناتۆرێکی کۆماریخواز پڕۆژەیەک بۆ کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا پێشکەش دەکات

قامشلۆ – نۆرس پرێس

نووسینگەی راند پاوڵ، سیناتۆری کۆماریخواز لە ویلایەتی کێنتاکیی ئەمریکا رایگەیاند، پڕۆژە یاسایەکی پێشکەش کردووە بۆ کشانەوەی ئەو هێزانەی ئەمریکا کە لە سووریا ئامادەن.

لە ئێستادا نزیکەی 900 سەربازی ئەمریکی لە سووریا ئامادەن، کە ئەرکێکی هاوبەشیان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتی رۆژئاوای کوردستاندا هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.

بەر لە دوو رۆژ، ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی “هەسەدە” بڵاوکردەوە، کە تیایدا رایگەیاندبوو “بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە، ئەمریکا لە سووریا ناکشێتەوە”.

ماڵپەڕی Statecraft Responsible کە ماڵپەڕێکە پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاوە هەیە، رایگەیاندووە رەنگە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە ئەنجام بدرێت، لە کاتێکدا سیناتۆرەکەی کۆمارییەکان رایگەیاندووە کە “کۆنگرێس ناچار دەکات دەنگ بدات”.

راند پاوڵ رایگەیاند، کە “سەربازەکان لە سووریان، بەبێ هیچ بەرژەوەندییەکی گرنگی ئەمریکا لە ئارادا بێت، هیچ پێناسەیەکمان پێ نییە بۆ سەرکەوتن، هیچ ستراتیژییەکی دەرچوون و هیچ جۆرە رێگەپێدانێک لەلایەن کۆنگرێسەوە بۆ ئەوان نییە کە لەوێ بن”.

پاوڵ گوتیشی: “چەقبەستوویی سیاسی و ترسنۆکیی، ئەندامانی خزمەتگوزاریی ئەمریکای لە سووریا و عێراق کردووە بە ئامانجێکی ئاسان بۆ ئەو کەسانەی هەوڵی سزادانی ئەمریکا و بەرفراوانکردنی جەنگ دەدەن”.

ئامادەکردن و دارشتنەوەی: تەیسیر محەمەد