قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان “درۆن”ێکی دروستکراوی ئێرانی لە باشووری دەریای سوور راگەیاند.
لە راگەێنراوێکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، کەشتیی مووشەکیی لەناوبەری ئەمریکی فڕۆکەیەکی جۆری KAS-04ی خستۆتە خوارەوە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانەوە ئاراستەکرابوو.
دەشڵین، “هەرچەندە مەبەستی درۆنە ئێرانیەکە نەزانراوە، بەڵام بەرەو کەشتیە جەنگییە ئەمریکییەکە دەهات، کەشتییە تێکشکێنەرەکە بە یاوەری کەشتییەکی دیکە، کە ئاڵای ئەمریکای لەسەربووە، کەلوپەلی سەربازی بۆ ناوچەکە دەگواستەوە”.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هیچ زیانێکی گیانی لەنێو کارمەندانی ئەمریکیدا نەبووە و هیچ زیانێکیش بە کەشتییە ئەمریکییەکان نەگەیشتووە.
سێشەممەی رابردووش هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند کە راستەوخۆ لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هۆشدارییانداوە بە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی کە دەچووە ناو ئاوەکانی کەنداوەوە”.
لە کاردانەوەی ئەم گوتانەدا، فەرماندەی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا، ئەدمیڕاڵ براد کوپەر، فڕینی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە نزیک کەشتیی فڕۆکە هەڵگری “یو ئێس ئێس دوایت دی ئایزنهاوەر” سەرکۆنە کرد و بە “رەفتارێکی ناسەلامەت و ناپیشەییانە” وەسفی کرد.