کوژرانی کۆچبەرێک و برینداربوونی یەکێکی تر بە گولـلەی جەندرمەی تورکیا لە سەرێ کانیێی داگیرکراو
حەسەکە – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بۆ ناو خاکی تورکیا لە رێگەی دیواری جیاکەرەوە لە گوندەواری سەرێ کانیێ داگیرکراو لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە تورکیاوە، کۆچبەرێک کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.
سەرچاوەکانی “شورتەی عەسکەری” سەر بە تورکیا لە سەرێ کانیێ بە پەیامنێری نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، جەندرمەی تورکیا بە گولـلەی زیندوو، شەش کۆچبەریان کردووەتە ئامانج لە کاتێکدا لە دەوروبەری کاتژمێر پێنجی ئێوارەی دوێنێدا هەوڵیان دەدا لە ناوچەی مەبروکاوە بەرەو خاکی تورکیا بپەڕنەوە.
ژێدەرەکان ئاماژەی بەوەشکرد، بەئامانجکردنەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی کۆچبەرێک بە ناوی “رامز عەتاڵڵا” و برینداربوونی کۆچبەرێکی دیکە لە پێیدا.
ژێدەرەکانی نۆرس پرێس راشیگەیاند، کە “شورتەی عەسکەری” بە پشتبەستن بە لێدوانی شایەتحاڵەکان و دانیشتووانی ناوچەکە، چوونەتە شوێنی هێرشەکە و توانیویانە کوژراو و بریندارەکان بهێننەوە، لەوێشەوە بۆ نەخۆشخانەی شارەکە گواستویانەتەوە.