بەرگری ئەمریکا: گروپەکانی سەر بە ئێرانمان لە سوریا کردە بە ئامانج بەرلەوەی هێرش بکەنە سەرمان

واشنتن – نۆرس پرێس

دوێنێ، چوارشەممە، کۆڵین کاهل، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی رایگەیاند، ئەمریکا گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانی لە سووریا کردووەتە ئامانج، ئەوەش وەک پەیامێک بوو ” کە ئەمریکا دڵنیایی دەدات لەوەی لەوانە خۆش نابێت کە بیر لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی دەکەنەوە”.

بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند کە هێرشیان کردووەتە سەر “گرووپە ئێرانییەکان” لە ڕۆژهەڵاتی سووریا.

کاهل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، وتی، ئێمە ئەم هێرشانەمان ئەنجامداوە بەهۆی ئەو زانیاریانەی کە لەبەردەستماندایە کە ئاماژەن بۆ نیازی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بە پەرەسەندنی هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا.

کاهل ڕایگەیاندووە کە هیچ پەیوەندییەک لە نێوان هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێراندا نییە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سەر بە هێرشێک کە هێزەکانی ئەمریکای کردبووە ئامانج لە 15ی ئاب لە سوریا پەیوەندی ئێران بەم هێرشانە پشتڕاست دەکەنەوە.”

 ئێوارەی دوێنێ، چوارشەممە، لایەنە دڵسۆزەكانی ئێران بە چەند مووشەكێك بنكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییان لە كێڵگەی نەوتی ئەلعومەر لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور كردە ئامانج، هاوكات هێزەكانی هاوپەیمانان وەڵامی ئەو شوێنانەیان دایەوە كە مووشەكەكانیان لێ هەڵدران.

چەند كاتژمێرێك پێش ئەوە چەند موشەكێک لەسەر بنكەی كۆنیكۆی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە باكووری دێرەزوور نیشتەوە و هێزەكانی هاوپەیمانان بە بۆردومانی شوێنەكانی هەڵدانی موشەكەكان وەڵامیان دایەوە.