لە دێرەزوور “داعش” هێرش دەکاتە سەر ماڵێک کە خاوەنەکەی ئامادە نەبووە “زەکات”یان پێبدات

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە شارۆچکەی حەوایج لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور هێرشیان کردە سەر ماڵی خاوەن نوسینگەیەکی ئاڵوگۆڕ و حەواڵەی پارە، بەهۆی ئەوەی رەتیکردەوە “زەکات” بدات بەو رێکخراوە.

شایەتحاڵێکی دانیشتووی شارۆچکەی حەوایج لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور رایگەیاند، ئەندامانی “داعش” بە سواری ماتۆڕسکیلەوە و بە چەکی ئۆتۆماتیکی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی کەسێک بە ناوی “مەسعەب ئەلحەزوم” لە شارۆچکەی حەوایج لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور.

ئەوەشی بە  نۆرس پرێس گوت، کە “ئەلحەزوم” خاوەنی نووسینگەی ئاڵوگۆڕ و حەواڵەی پارەیە، ئەندامانی رێکخراوەکەش لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنی واتسئەپەوە “زەکات”یان بەسەردا سەپاندووە، بەڵام بە گوتەی شایەتحاڵەکە، ئەو رەتیکردوەتەوە زەکاتیان پێبدات.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، “ئەلحەزوم” لەگەڵ هێرشبەرەکانی داعش بە شەڕ هاتووە و دوای ئەوەی تراکتۆرێکی کشتوکاڵی لە لایەن داعشەوە سوتێنرا، کە ئەو خاوەندارێتی دەکرد، ناچار بووە هەڵبێت، هەروەها زیانی ماڵی بەر خانووەکەی کەوتووە.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان