نەتەوەیەکگرتووەکان: ململانێی فەلەستین و ئیسرائیل لێکەوتەی نەرێنی لەسەر سووریا هەیە

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، نەجات روشدی، جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا رایگەیاند، ململانێی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل لێکەوتەی نەرێنی لەسەر سووریا هەیە.

“نەجات” لە میانی دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا گوتی: “ئێمە زۆر نیگەرانین لە ئەگەری فراوانبوون و باڵکێشانی پەرەسەندنەکان بۆ سووریا و دەرئەنجامی رووداوە دڵتەزێنەکانی ناوچەکە لە فەلەستین و ئیسرائیل بەردەوام کاریگەری لەسەر سووریا هەیە”.

“نەجات” داوای لە وڵاتانی پەیوەندیدار کرد “یاری بە ئاگر نەکەن”، هۆشداریدا لەوەی “یەک هەڵە، یان گولـلە هاوەنێکی وێڵ، یان یەک بۆردوومانێکی ئاسمانی هەڵە، دەکرێت دەیان بەرمیل بارووت لەناو سووریادا بتەقێنێتەوە”.

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: پێویستمان بە نیەتپاکی زیاتر هەیە، هەروەک پێویستمان بە وەستانی بەردەوامی پەرەسەندنەکان هەیە، کە لە ڕێگەی کەناڵی متمانەپێکراوەوە لە نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکاندا جێبەجێ بکرێت و پێویستە نەک تەنها ژمارەی کوژراو و برینداری سڤیل و ئاوارەبوون و لەناوبردنی ژێرخانی ئابووری کەمکرێتەوە، بەڵکو هەر بە تەواویی گرژییەکان کۆتاییان پێبهێنرێت”.

جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا، لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق، ئاماژەی بەوەدا کە “هێرشکردنە سەر ژێرخانی سڤیل بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان قەدەغەیە”.

پاش دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە لە 7ی تشرینی یەکەمی رابردووەوە، ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی لە سووریا کردە ئامانج، ئەمە جگە لە بۆردومانی چەند بارەی فڕۆکەخانەکانی دیمەشق و حەڵەب، هاوکات میلیشیا دڵسۆزەکانی ئێران لە باشووری سووریا چەند جارێک پێگەکانی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج و بنکەکانی ئەمریکا لە سووریا کەوتوونەتە بەر دەیان هێرش.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی