مەزلوم عەبدی: ئەمریکا پێی ڕاگەیاندین بەهۆی ئاڵۆزییەكانی ناوچەکەوە لە سوریا ناکشێنەوە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، ئەمریکا بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە، لە شەڕی دژی (داعش) لە سوریا ناکشێتەوە
عەبدی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی، رایگەیاند، ئێران دەیەوێت هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دووربخاتەوە، ئەمەش ئامانجێکی بنەڕەتی و هاوبەشە لەگەڵ ڕژێمی سوریا و تورکیا.
لە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، بنکە ئەمریکییەکان لە سوریا و عێراق زیاتر لە 70 هێرشیان كراوەتەسەر و زیاتر لە 60 سەربازی ئەمریکی برینداربوونە.
فەرماندەی گشتی هێزەکانی هەسەدە ئاماژەی بەوەشكردووە : ئەگەر ئەمریکییەکان سوریا جێبهێڵن، ئەوا ناچار دەبن عێراقیش بەجێبهێڵن و بەپێچەوانەشەوە، بەڵام پێیان ڕاگەیاندین کە لە سوریا ناكشێنەوە.
لە پێشهاتێکی سەرنجڕاکێشدا، مەزلوم عەبدی ئەوەیشی خستووەتەڕوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی هێرشی کردووەتە سەر کۆگایەکی تەقەمەنی هێزەکانیان، بەهۆیەوە چەند ئەندامێكی هەسەدە برینداربوون و زیانی مادیشی بەدوای خۆیدا هێناوە.
عەبدی دەشڵێت، وەڵامدانەوەی ئەمریکا بۆ ئەم هێرشانە بە شێوەیەكە کە نایەوێت ناوچەکە ببێتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران.
فەرماندەی گشتی هێزەکانی هەسەدە، پێی وایە کە تورکیا بارودۆخی ناوچەکە دەقۆزێتەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشەكانی لە رۆژئاوای كوردستان، هەروەها هێرشەكانی تورکیا كاریگەری دەبێت لەسەر شەڕی دژی داعش و وەڵامدانەوەی لاوازی ئەمریکاش بۆ ئەو هێرشانە متمانەی کورد بە هاوبەشە ئەمریکییەکانیان لەدەست دەدات و هانی دوژمنانی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەدات.
سەبارەت بە ئاڵۆزییەكانی غەززە، مەزلوم عەبدی ئەوەی خستووەتەڕوو: نەگەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و بەردەوام بۆ پرسی فەلەستین و کورد وا دەكات ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوام بێت.
ناوبراو ڕایگەیاند کە نامەیەکی بۆ مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین ناردووە و تێیدا پشتیوانی خۆی بۆ گەلی فەلەستین و چارەسەری دوو دەوڵەتی دەربڕیوە.