لە سەرێ كانی سێ ئەندامی میلیشیایەكی سەر بە توركیا كوژران
سەرێ كانی – نۆرس پرێس
دوێنێ لە سەرێ كانی لە باکووری حەسەکە، سێ ئەندامی میلیشیای شورتەی عەسكەری دڵسۆز بۆ تورکیا، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێندراو بە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکەیاندا كوژران.
سەرچاوەیەک لە میلیشیای “شورتەی عەسكەری” بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، “لەکاتی رۆیشتن بەرەو گوندی تەل حەلەف لە ڕۆژئاوای سەرێ كانی، بۆمبێكی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی سەر بە میلیشیای “شورتەی عەسكەری” تەقیوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەقینەوەی بۆمبە چێندراوەكە بووەتە هۆی كوژرانی سێ ئەندامی ئەو میلیشیایە، دواتر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەرێ كانی. ڕوونیشیکردەوە، تا ئێستا ناسنامەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە نەزانراوە.
سەرچاوەکە راشیگەیاند لەم دواییانەدا بەئامانجگرتنی گروپە چەكدارەكانی لایەنگری تورکیا بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیان كردووە، ئەویش لەبەر ڕۆشنایی بێ توانایی لە ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەنجامدەرانی هێرشەكان.