سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی هەشت ئەندامیان لە سووریا راگەیاند

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی هەشت ئەندامیان لە سووریا راگەیاند.

 لە راگەیێندراوێکدا لە پێگەی فەرمی خۆیان، سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی هەشت ئەندامیان لە سووریا راگەیاند و گوتیشیان ناسنامەی ئەو کەسانە پشتڕاستکراوەتەوە و تەرمەکانیان بۆ ئێران گەڕێنراونەتەوە.

هەرچەندە ئاماژە بە کات و شوێنی دیاریکراوی کوشتنی ئەو ئەندامانەیان نەکردووە، بەڵام رایانگەیاندووە، “دوای بەدواداچوونێکی زۆر، تەرمی ئەو هەشت پاسدارەیان دۆزیوەتەوە لە سووریا و پاش پشکنینی (دی ئێن ئەی) لە ناسنامەیان دڵنیابوونەتەوە، چواریان خەڵکی تارانن و چوارەکەی دیکەیان خەڵکی پارێزگاکانی گوڵستان، گیلان، قەزوین و کرماشانن.

بە پێی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، سەرەتا تەرمی ئەو هەشت پاسدارە بۆ زێدی خۆیان بەڕێدەکرێن و لە رێورەسمێکی تایبەتدا بە خاک دەسپێردرێن.