هێزە عێراقییەکان چەند پاشماوەیەکی جەنگیی “داعش” لە پارێزگای ئەنبار دەدۆزنەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، هێزە عێراقییەکان رایانگەیاند، چەند پاشماوەیەکی جەنگیی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)یان لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە دۆزیوەتەوە.
دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لە راگەێنراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گواستیەوە، رایگەیاندووە، “بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییە وردەکان، توانیمان پاشماوەی جەنگیی چەتە تیرۆریستەکانی داعش لە دوو شوێن لە پارێزگای ئەنبار بدۆزینەوە”.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، “لەو پاشماوە جەنگییانەی کە دۆزرایەوە نۆ بۆمبی چێنراون، لە شێوەی پلێتێکی کانزاییدا و لە ناوخۆدا درووستکراون، کە لە قەزای کەرامە دۆزراونەتەوە و لە شوێنی خۆیاندا تەقێندراونەتەوە”.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە قەزای “راوە”ی سەر بە هەمان پارێزگا، “گەنجینەیەکی چەک دۆزراوەتەوە، کە دەگەڕێتەوە بۆ رێکخراوی داعش، 7 کیلۆ هەویری تی ئێن تی و 30 مووشەک بە دوو جۆری جیاواز و 34 حەشۆی مووشەک و 10 گولـلەهاوەن، دۆزراونەتەوە”.
راشیانگەیاند، “ئەو کەرەستانەی دەستیان بەسەردا گیراوە بەپێی تۆمارێکی دروست رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست”.