دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، مەهدی فەرحی، جێگری وەزیری بەرگریی ئێران رایگەیاند، کە وەزارەتی بەرگریی ئێران گرێبەستی کڕینی فڕۆکەی هێرشبەر، شەڕکەر و مەشق و راهێنانی لە گەڵ رووسیا ئەنجامداوە.
فەرحی لە لێدوانیدا بۆ دەزگای “تەسنیم”ی ئێران گوتی، “کارەکانی کڕینی هێلیکۆپتەری هێرشبەری میل-28، فڕۆکەی شەڕکەری سوخۆی-35 و فڕۆکەی مەشق و راهێنانی یاک-130 تەواو بووە و کار بۆ هاوردەکردنیان بەردەوامە”.
جێگری وەزیری بەرگری ئێران باسی لەوە نەکرد کە کڕینی ئەو کەرەستانە لە ڕێگەی گرێبەستێکەوە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری رووسیا ئەنجام درابێت، هەروەها باسی وردەکاری دیکەی سەبارەت بەو گرێبەستە نەکردووە.
مانگی ئابی ساڵی رابردوو، ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، کە ئەمریکا فشار دەخاتە سەر تاران بۆ ئەوەی فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازی بە رووسیا رابگرێت.
راپۆرتەکە بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئێرانی و سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار لە وتووێژەکان ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەمریکا فشار دەخاتە سەر تاران بۆ ئەوەی فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازیی بە رووسیا رابگرێت، کە مۆسکۆ لە شەڕی ئۆکرانیادا بەکاری دەهێنێت.
فەرحی گوتیشی: “ساڵی رابردوو وەزیری بەرگری سیستەمی پێشخستنی بەرگری راگەیاند، ئەم راگەیاندنەش زۆر کاریگەر بوو، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە گەیشتوینەتە بەرزترین تەکنەلۆجیا لە هەموو بوارەکاندا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “لە هەندێک بواردا ئێمە لە ریزی وڵاتانی پێشکەوتووداین و لە هەندێک بواردا لەسەر رێگای گەشەپێدانین، جگە لە پەرەپێدانی توانا ناوخۆییەکان، پێویستە رێگای کورتکراوەش بەکاربهێنین بۆ تەواوکردنی توانای بەرگری و یەکێک لەم بوارانەش بواری تەکنەلۆژیای ئاسمانییە”.
جێگری وەزیری بەرگری جەختیشی کردەوە، “ئێمە لە بواری هێلیکۆپتەردا توانایەکی باشمان هەیە، هەر بۆیەش لەڕووی چەندایەتییەوە لە ناوچەکەدا باشترینین، بەڵام باشترکردنی کوالێتی هێلیکۆپتەرەکان لە بەرنامەی کاردایە”.