ئەعرەجی: ئامانجی ستراتیژی حکومەتی عێراق داخستنی کامپی هۆلە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لە نووسینگەی خۆی پێشوازی لە “ناسر مەمەدۆڤ” باڵیۆزی ئازەربایجان کرد لە بەغدا.
نوسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لە تۆڕی جڤاکی فەیسبووک بڵاویکردەوە، کە “ئەعرەجی لەگەڵ باڵیۆزی ئازەربایجان باسی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکەیان کردووە، هەروەها رێگاکانی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل و وڵاتی دۆست بکات، تاوتوێ کردووە”.
لە هەمان راگەێنراودا ئاماژە بەوەکراوە، “ئەعرەجی جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی ستراتیجی حکومەتی عێراق داخستنی کامپی هۆلە لە سووریا، چونکە مانەوەی ئەو کامپە مەترسییەکی راستەقینە بۆ سەر ئاشتی جیهانی دروست دەکات”، ئاماژەی بەوەداوە کە روبەڕووبوونەوەی توندڕەویی ئاڵنگارییەکە بۆ وڵاتان و گەلان، هەروەها دەڵێ “دەبێت هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یەکبخرێت بۆ نەهێشتنی ئەم ئاڵنگارییە مەترسیدارە”.
لە راگەێنراوەکەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقدا هاتووە، ” لە لای خۆیەوە باڵیۆزی ئازەربایجان دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی ئەزموونی هەیە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سپیکردنەوەی پارەدا، هەروەها چاوی لە هاوکاریکردنی عێراقە، بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و زانیاری، بە شێوەیەک کە بەشداربێت لە پتەوکردنی سەقامگیری جیهانیدا”.