سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا هەڵوەشاندنەوەی سەردانێکی سەرۆکی ئێرانی راگەیاند کە بڕیار بوو ئەمڕۆ بۆ تورکیا ئەنجامی بدات
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رایگەیاند، سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران “کە پێشتر راگەیەندرابوو و بڕیار بوو ئەمڕۆ بۆ تورکیا ئەنجامی بدات” هەڵوەشاوەتەوە، بەبێ ئەوەی روونی بکاتەوە کە ئایا سەردانەکە بۆ هەمیشە هەڵوەشاوەتەوە یان دواخراوە بۆ کاتێکی دواتر، هەروەک هۆکاری هەڵوەشاندنەوەکە نەخراوەتەڕوو.
رۆژی 11ی ئەم مانگە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەناو فڕۆکەکەیدا کە لە لوتکەی هەرێمی لە ریازەوە دەگەڕایەوە، رایگەیاند، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە 28ی ئەم مانگەدا سەردانی تورکیا دەکات.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری سەرۆکایەتی تورکیاوە بڵاویکردەوە، “رەئیسی” ئەو سەردانەی بۆ ئەنقەرە ئەنجام نادات، کە پێشتر پلانی بۆ دانرابوو.
ئەردۆغان کاتێک سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێرانی راگەیاند، جەختی لەسەر داڕشتنی وەڵامدانەوەی هاوبەش بۆ شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس کردەوە.
ئاژانسی فەرەنسا روونی نەکردوەتەوە، کە ئایا سەردانەکە هەڵوەشاوەتەوە یان دواخراوە.
راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکە، دوای رۆژێک دێت لە درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە.